ساڵانێكە لە هەرێمی كوردستان لە بارەی بابەتێک بە ناوی ( ئیسلامی كوردی ) و پێویستی گەڕانەوە بۆ ئەو ئیسلامەی كە گەورە زانایان و پێشەوایانی تەریقەت و شاعیرانی ناسراوی گەلەكەمان هەڵگری بوون،لەوبارەیەوە لێرە و لەوێ ھەندێ قسە و باس و ڕاو بۆچوون دەورووژێنرێت و ڕەنگە بانگەشەشی بۆ بکرێت . دیارە كە ئەو جۆرە ڕاو بۆچوونە زیاتر لە لایەن ژمارەیەك ڕۆشنبیر و نوسەرەوە دەخرێتە ڕوو ، كە دەگونجێ باكگراوندی فیكری و ئایدۆلۆژی جیاجیاشیان ھەبێ لە نێوان ئیسلامی و عیلمانیدا..
گومان لەوەدا نیە كە گەلی کورد وەك گەلێكی زیندووی موسڵمانی ناوچەكە،بە درێژایی مێژووی چواردە سەدەی هاتنی ئاینی ئیسلام ،هەمیشە ڕۆڵی كاراو بەرچاوی هەبووە لە دروستكردن و دەوڵەمەندكردنی كەلەپوور و شارستانێتی ئیسلامیدا بە گشتی ..هەر وەك نكۆڵی لەو ڕاستیەش ناكرێت كەلە گشت بەشەكانی كوردستاندا هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت، ژمارەیەک لەو زانا بەڕێزانە ڕۆڵی پێشەوایەتی ئاینی و سیاسیان بینیوە و کاریگەریی گەورەیان لە سەر جەماوەری گەلەكەمان ھەبووە و ھەیە ..لەلایەكی ترەوە ئاشكرایە كە زۆربەی زۆری زانایانی ئاینی گەلەكەمان لە ڕووی ڕێبازی فیقهیەوە سەر بە مەزهەبی ئیمامی شافیعین،هاوكات لە بواری ڕێبازی تەریقەتیشدا،سەر بە هەردوو تەریقەتی قادری و نەقشبەندین..دیسان ئەوەش ڕاستە كەپێشەوایان و مەرجەعی ئەسڵی مەزهەبە فیقهیەكان و تەریقەتەكان لە دەرەوەی كوردستان بوون،ئەوەتا ئیمامی شافعی خۆی خەڵكی وڵاتی یەمەن بووە و دواتر لە بەغدا ژیاوە و كۆچی دواییشی لە میسركردووە،دیارە مەزھەبە فقهیەكەشی لە ڕێگای زانایانی كوردەوە گەیشتووە بە ناوچەكانی كوردستان..هەروەك دامەزرێنەر و مەرجەعی تەریقەتی قادری دەگەرێتەوە سەر شێخ عبدالقادری گەیلانی کە لە بەغدا ژیاوە و ھەر لەوێش كۆچی دوایی كردووە . ئاشكرایە كە پێشەوایان و دامەزرێنەرانی تەریقەتی نەقشبەندیش دەگەرێنەوە سەر شێخ محمد بەهائەدین كە ناسراوە بە شاهی نەقشبەند و خەڵکی بوخارا بووە، دواتر لەلایەن هەردوو بەڕێزان مەولانا خالدی شارەزووری و شێخ عبیداللەی نەهری تەریقەتەكەیان لە شێخ عبداللەی دەهلەوی وەرگرتوە و گواستویانەتەوە بۆ كوردستان .
واتە لە هەموو حاڵەتێكدا ئەو ڕێبازە فیقهی و تەریقەتە ئاینییانەی کەلە کوردستان جێگیربوون ، لە سەرەتاوە لە ناوچەكانی تری جیهانی ئیسلامی سەریان هەڵداوە و دواتر گەیشتوون بە كوردستان . ئەوەش حاڵەتێكی سروشتی و ئاساییە، چونكە ئیسلام خۆی ئاین و شەریعەتێكی جیهانیە و بۆ هەمو گەلان و ناوچەكانی جیهان ھاتووە لە هەمو سەردەمەكاندا..دیسان ئەوەش ڕاستە كە بۆ هەر سەردەمێك تەریقەت و ئیجتیهادی نوێ دەخوازێت ، زانایان و پێشەوایانی ئیسلام لە سەردەمە جیاوازەكاندا بەپێی فەرموودە مەشهورەكەی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) كە دەڵێت (إِنَّ اللَّهَ يَبْعَثُ لِهَذِهِ الْأُمَّةِ عَلَي رَأْسِ كُلِّ مِائَةِ سَنَةٍ مَنْ يُجَدِّدُ لَهَا دِينَهَا ــ او — أمر دينها ) واتە لە ژێر سایەی ئەم فەرموودە گرنگەدا ، لە ھەمو سەردەمێکدا پڕۆژە و ئیجتیهادی نوێ پێشكەش دەكەن بۆ نوێکردنەوە و زیندوڕاگرتنی پابەندبوون بە ئیسلام و چارەسەركردنی كێشە و گرفتە جیاوازەكانی کۆمەڵگە موسڵمانەکان . مەعلومە کە بۆ ھەر سەردەمێکیش پرۆژەی نوێ و ئیجتیھادی نوێ دەخوازێت ..
لەو سۆنگەیەوە شێخ سەعیدی نورسی دەڵێت: ئەگەر من لەسەردەمی مەولانای ڕۆمیدا بومایە، دەبوایە مەسنەویم بنوسیبایە ، خۆ ئەگەر مەولانای ڕۆمی لەم سەردەمەی مندا بژیایە،بێگومان پەیامەكانی نووری دەنوسی ..چونكە هەر سەردەم و قۆناغێكی مێژوویی ڕێباز و تەریقەتی نوێ و تایبەت بە خۆی دەخوازێت..
گرنگە لێرەدا ئاماژە بەو واقیعە بکەین کە پێشەوایانی تەریقەتی قادری و نەقشبەندی و ھاوشێوەکانیان ، لە سەردەمێکدا تەریقەتیان داناوە و بانگەشەیان بۆ کردوە ، كە لەرووی سیاسیەوە موسڵمانان لەسەر ئاستی جیھانی و نێودەوڵەتی کێشە و بۆشاییان نەبووە .. چونكە دەوڵەتی عوسمانی لەو سەردەمەدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕەمزی سیاسی جیهانی ئیسلامی بووە و نوێنەرایەتی سەرجەم گەلانی موسڵمانی كردوە ،ڕاستە ستەم وناعەدالەتی و گەندەڵی زۆر و كەم هەر هەبووە ، بەڵام لە سایەی ئەو دەوڵەتەدا زانایان و پێشەوایانی موسڵمان زیاتر بایەخیان بە ڕەهەندی فیقهی و پەروەردەی روحی و ئەخلاقی داوە و ئەو بوارەیان بە پێویست زانیوە ..بەواتایەکی تر لەڕووی ئاینیەوە خۆیان یەكلا كردبوویەوە بۆ زانستە شەرعیەكان و لایەنی پەروەردەی ئەخلاقی..
بەڵام لە دوای ڕوخان و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەكەمدا ، لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەم بەدواوە بۆ یەكەم جار لە مێژووی موسڵماناندا ، بۆشاییەكی گەورەی سیاسی بۆ هەموو جیهانی ئیسلامی دروست بوو، بەتایبەتی دوای داگیركردنی زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی لەلایەن زلهێزە ئەوروپاییەکانەوە و دابەشكردنی گەلانی موسڵمان بەتایبەتی گەلی كورد ، بەسەر چەندین ڕژێمی
نەتەوەپەرستی دیکتاتۆری و شوێنكەوتەی خۆیاندا ..
دیارە لەو قۆناغە دژوار و ناسروشتیەدا گەورە زانایان و پێشەوایانی ڕاستەقینەی ئاینی ئیسلام ، لە ناوچە جیاجیاکاندا هەڵساون بە داهێنانی ڕێباز و ئیجتیھادی نوێ ، بە مەبەستی چارەسەر كردنی ئەو بۆشاییە گەورە و ترسناكەی ڕوو بە ڕووی جیهانی ئیسلامی بووبوویەوە .. لەوسۆنگەیەوە پێشەوایانی وەك جەمالەدینی ئەفغانی و شێخ محمد عبدە و دواتر شێخ حەسەن بەننا لە میسر ، ھەروەھا شێخ سەعیدی نورسی لە كوردستانی توركیا و شیخ ئەبوئەعلای مەودودی لە پاكستان و چەندین زاناو پێشەوای هاوشێوەیان لە ناوچە جیاجیاكانی جیهانی ئیسلامی پەیدابوون .. ئەم حاڵەتە ئیسلامیەی كە ئێستا هەیە لەسەر تاسەری جیهانی ئیسلامی و گەیشتووە بە کوردستانی خۆیشمان ، بەرهەمی داھێنان و ئیجتیھادی ئەو زانا و پێشەوا بەڕێزانەیە ..دیارە کە تەواوكار و درێژەپێدانە بەهەمان ڕێباز و تەریقەتەئیسلامیەكانی سەردەمەكانی ڕابووردوو، بەڵام بە شێوەیەک کە بۆ ئەم سەردەمە پێویستە و چارەسەری کێشە و گرفتەکانی ئەم سەردەمەی کۆمەڵگە موسڵمانەکان دەکات و ھیچ مەترسیەک لەسەر شوناس و کوڵتوور و دابونەریتی ڕەسەنی گەلەکەمان دروست ناکات ،بە پێچەوانەوە دابونەریتە ڕەسەنەکان و ناسنامەی مێژوویی گەلەکەمان دەپارێزێت ..ھاوکات توانای بەرگریکردنی کۆمەڵگەی موسڵمان لە بەرامبەر دابونەریتە نامۆ و تێکدەرەکان بەھێز دەکات ..
لەلایەکی ترەوە پێویستە لێرەدا ئاماژە بەو ڕاستیەش بکەین کە ئیسلام لەگەڵ ئەوەی ئاینێکی جیھانیە بۆ ھەمو گەلان و سەرجەم مرۆڤایەتی ھاتووە، بەڵام ڕێز لە شوناسی نەتەوەیی و کوڵتووری تایبەت بە گەل و نەتەوە جیاوازەکان دەگرێت و ھەوڵی تواندنەوە و سڕینەوەیان نادات.. بەوھۆیەوە ھەمو گەل و نەتەوە موسڵمانەکان بە درێژایی چواردە سەدەی مێژووی ھاتنی ئاینی ئیسلام ، توانیویانە پارێزگاری لە کوڵتوور و دابونەریتی ڕەسەنی خۆیان بکەن .. چونکە نەگۆڕەکانی ئاینی ئیسلام تەواوکار و درێژە پێدەریی بەھا و دابونەریتە مرۆییە ڕەسەنەکانی گەل و نەتەوە جیاوازەکانە . ھەر لەبەرئەوەشە کە ئیسلامەتی لەناو ھەمو کۆمەڵگە و نەتەوەکاندا ، وەھا دەردەکەوێت کە تایبەتە بەو گەل و نەتەوەیە .. ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ میانەڕەوی و مرونەتی نەگۆڕەکانی ئیسلام ، وێڕای توانای کرانەوەی گۆڕاوەکانی بەشێوەیەکی فراوان ، کە ئەو وێنایە پیشاندەدات وەک ئەوەی کە پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی ئیسلام ، تایبەت بێت بە ھەر گەل و کۆمەڵگەیەک بۆ خۆی.. ئەگینا ئاینی ئیسلام و نەگۆڕەکانی لە ھەمو ناوچە جیاجیاکانی جیھاندا و بە درێژایی مێژووی ئیسلامەتی ، ھەروەک خۆیەتی ھیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەھاتووە و ھیچ گۆڕانێکیشی بەسەردا نایەت..
لەو سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین دابەشکردنی ئیسلام بەسەر نەتەوەکاندا و ناساندنی وەک ئیسلامی کوردی و عەرەبی و تورکی و…تاد ، ڕاوبۆچوونێکی دروست نیە و ھیچ بنەمایەیکی لۆژیکی و زانستی پشتگیری ناکات..

بۆچوونهکان